شەڕ و تێکەڵچوونی سپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە شاری مەریوان

15:38 - 30 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان سپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریواندا هاتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ٣٠ی پووشپەڕ، گرووپێکی چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر پایگایەکی سپای پاسدران لە گوندی \"دەرێـ\"ـی شاری مەریوان و ئەو پایگایانە بەتەواوەتی تەفروتوونا کردووە.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی گوندی \"دەرێ\"، لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، زیاتر لە ٢٥ پاسدار کوژراو و بریندار بوون و کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سپای پاسداران، بە چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕ و هەروەها چەندین ئامبۆڵانس ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزەکانی سپای پاسداران هەنووکە دەستیان کردووە بە ئازار و ئەزیەتی دانیشتووانی گوندی \"دەرێ\" و هەروەها هێلیکۆپتێرەکانی سپا بە سەر ئاسمانی شاخەکانی \"قەلەبەرد\" و ناوچەی \"کۆماسی\" دەسووڕێنەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەش دەخاتە ڕوو: تەرمی کوژراوەکانی ئەو شەڕە بە پێنج ئامبۆڵانس ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلیی شاری مەریوان کراون.

لەو پەیوەندییەدا، فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ئاگادارییەکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە لە شاری مەریوان شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان هێزێکی شۆڕشگیڕ و سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕووی داوە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا هەتا ئیستا شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لەگەڵ قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە و سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەو ناوەندە نیزامییە، چالاکیی سیاسی و نیزامیی هێزی حیزبە کوردییەکان، لە قووڵاییی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی هەیە.