شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی حدکا و سپای پاسداران لە کێلەشین هاتە ئاراوە

20:44 - 20 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و تێکهەڵچوونێكی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە شاری شنۆ ڕووی دا.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ماڵپەڕی ڕەسمی ئەو حیزبەدا، شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ سپای پاسدارانی پشتڕاست کردووتەوە و ڕایگەیاندووە: \"شەوی رابردوو، شەڕێکی توند لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران لە شاخەکانی کێلەشینی شنۆ ڕوویدا کە نزیک بە ٥ کاتژمێری خایاند.\"

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە : \"زانیاری و وردەکاریی زیاتر لە سەر ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە دواتر دەخەینەڕوو\".

لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدا ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی گەلاوێژ، لە بەیاننامەیەکدا ڕوودانی ئەم شەڕەی پشتڕاست کردووەتەوە.

لە ساڵی ٩٥ەوە هەتا ئێستا، چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی قورس لە نێوان هیزەکانی حدکا و سپای پاسداران ڕوویداوە و چەندین جار فەرماندەکانی سپای پاسداران هەڕەشەیان لە حدکا کردووە.