شەپۆلێكی دیكە لە حوكمی ئیعدامی چالاكانی كورد/ نیگەرانیی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان

21:44 - 26 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەیاننامەیەكی لەمەڕ پەسند كردنی حوكمی ئیعدامی چالاكانی كورد لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لەو بەیاننامە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە
دەقی بەیاننامەكە:
دەركردنی حوكمی ئیعدام بۆ سەر چالاكانی كورد رابگێرێت.
شەپۆلێكی نوێی دەركردنی حوكمی ئیعدام بۆ سەر چالاكانی كورد بە تاوانی \"محاربە\" و هاوكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی دژبەری حكوومەتی ئێران كە هیچ بنەمایەكی یاسایی، حقووقی و مرۆیی نیە، نیگەرانییەكانی ئێمەی زیاد كردووە.

رێكخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی كوردستان لەو باوەڕە دایە بەپێی ئەوەی كە سەرجەم حیزبەكانی كوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا خەباتی چەكدارییان وەلا ناوە و بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و مرۆیی دەستیان بە چالاكیی سیاسی كردووە، دەركردنی حوكمی ئیعدام دەتوانێ‌ لەسەر كام بنەمای حقووقی و یاسایی بێت.

ئێمە بە توندی و بە شێوەیەكی جیدی نیگەرانیی و داخ و كەسەرەی خۆمان لە دەركردنی حوكمی ئیعدام بۆ سامان نەسیم و مەنسوور ئاروەند بە تاوانی \"محاربە\" و هاكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكان دەردەبڕین و هیوادارین پێداچوونەوە بەو حوكمانەدا بكرێت.

رێكخراوی بەرگربی لە مافی مرۆڤی كوردستان
یەكشەممە رێكەوتی 16‌ی سێپتامبری 2012