شەپۆلێكی بەفر و سەرما چوار ئوستانی كوردستانی گرتەوە+وێنە

14:34 - 19 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: شەپۆلێكی سەرما و بەفر بارین رووی لەناوچەكانی كوردستانی ئێران كردووە و بەو هۆیەوە چەندین رێگەی سەرەكیی نێوان شار و گوندەكان داخراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ماوەی دوو رۆژە بارینی بەفر و باران لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووەو بەپێی پێشبینی رێكخراوی كەشناسیی بەفر بارینەكان هەتا ئەنڕۆ هەینی بەردەوام دەبێت.

داخرانی رێگەكانی هاتوچۆی نێوان شارەكان و دابەزینی پلەی گەرمی ئاكامی ئەو شەپۆلە بەفر بارین و سەرما و سۆڵەیە و ئەوەش كێشەی جیدی بۆ هاووڵاتیانی كورد دروست كردووە.

هەواڵدەریی ئیرنا لەو بارەیەوە بڵاوی كردۆتەوە، رێگەی هاتوچۆی تێوان ٤٥ ئاوایی شارستانی سەحنە لەئوستانی كرماشان بە هۆی بارینی بەفری زۆر و بەستەڵەكەوە گیراوە و تەنانەت هیچ ئۆتۆمبێلێكیش بێ‌ زەنجیر ناتوانێ‌ بە جادەكاندا بڕوات.

رێگەی شنۆ ـ ورمێ‌ ، پاوە ـ مەریوان، پیرانشار ـ تەمەرچین و تیكاب بۆ سایین قەڵا بە رێگە سەرەكییەكانی كوردستانی دێنە ئەژمار كە هاتوچۆ تێیاندا قەدەغە كراوە.

سەرپەرەستی كۆمەڵی مانگی سووری تیكاب وتوویەتی: بە هۆی بارینی بەفرو باران و دروست بوونی سەرما و سۆڵ زیاتر لە ١٩ ماشێن لەناو بەفر و كڕێوەدا مابوونەوە كە نزیك بە ٤٢ كەس لە سەرتشینەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانە تووشی خەسار و سەرما بردوویی هاتبوون.

لە پارێزگای كرماشانیش هاتوچۆ لە سێ‌ خاڵی قۆری قەڵا ـ پاوە، مڵماس ـ خوسرەوئاباد و سونقۆر و كولیایی بەفر گرتوویەتی و تەنیا بە زەنجیرەوە ئیمكانی هاتوچۆ هەیە.

هەر بەو هۆیەوە فڕۆكاخانەكانی تاران و ئیلامش گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ ئەو دوو شارە راگرتووە.

لەلایەكی دیكەوە بارینی نیو میتری بەفر لەئاوایی \" چەرمەڵە\" لە سونقۆر بۆتە هۆی بەستنی تاڤگەی پەرێشان و بە وتەی ئەنجومەنی ئاواییەكە هەتا كۆتاییەكانی خاكەلێوەی ساڵی داهاتوو بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.

دابەزینی پلەی گەرما لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئێران هەتا ١٥ پلە بۆ ژێر سفر دابەزیوە و لەونێوەدا تیكاب بە ساردترین شاری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەقەڵەم دراوە.

ئیدارەی كەشناسیی ئوستانی ئیلامیش باسی لە دابەزینی پلەكانی هەوا كردووە و پێبینی ئەوەشی كردووە كە هەتا یەك حەفتەی داهاتوو پلەكانی هەوا ٧ بۆ ١٤ پلە داببەزێ‌.

ئەو راپۆرتانەی كە بۆ ئاژانسی كوردپا نێردراون باس لەوە دەكەن كە بارینی بەفر لەزۆربەی شارەكانی كوردستان بەردەوامە و ناوەندە پێوەندیدارەكان داوایان لە شۆفێران كردووە كە لەناوچە شاخەویەیكان كەڵك لە زەنجیر وەربگرن و لە سیستەمی گەرمایی ئۆتۆمبێلەكانیان دڵنیا بن.
سنه

\"24114.jpg\"

\"24107.jpg\"

نۆدشه

\"24115.bmp\"

سەردەشت

\"24108.jpg\"

\"24109.jpg\"

مەریوان

\"24110.jpg\"

\"24111.jpg\"

کرماشان

\"24112.jpg\"

پیرانشار
\"24118.jpg\"

\"24119.jpg\"