شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری، کوردستانی گرتەوە

21:08 - 24 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: دووکەس لە چالاکانی کرێکاریی کوردستان، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوون، لە دۆخیکی دژواردا راگیراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چالاکێکی کرێکاریی کوردیان بەناوی نیزام سادقی دەستبەسەر و رەوانەی ئیتلاعاتی کامیاران کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە.
دەگوترێ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان، نیزام سادقی‌یان بە مەبەستی تەکمیل کردنی پەروەندەکەی، رەوانەی ئیتلاعاتی کامیاران کردووە.

هەواڵی راگوێزرانی ئەو چالاکە کرێکارییە بۆ ئیتلاعاتی کامیاران، لە کاتی سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ئیتلاعاتی سنە ئاشکرا بووە.

\"25958.jpg\"
نیزام سادقی و کوورش بەخشەندە چالاکانی کرێکاریی کوردستان که لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوون، لە دۆخیکی دژواردا راگیراون
لەلایەکی دیکەوە، کوورش بەخشەندە، چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری سنە لە دۆخێکی نالەباردایە و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

ناوبراو، کە ٣٧ رۆژ پێش ئێستا، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی‌دایە و پێشتریش نەشتەرگەریی هەناوی بۆ کرابوو.

کوورش بەخشەندە، ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکانە و بنەماڵەکەشی هەتا ئیستا لە چارەنووسی ناوبراو ئاگادار نین.