شەپۆلێکی خۆڵبارینی خەست، کوردستانی گرتەوە

19:19 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی زیادبوونی خۆڵبارین لە کوردستان، ژیانی دانیشتوانی زیاتر لە ١٠ شار تووشی کێشە و گرفت بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەی بەشێک لە شارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و ئیلام بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەواوەو داخران.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، هەواڵی داخرانی ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی پیرانشار، بۆکان، سەردەشت، میاندواو و ورمێی بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتاییدا بڵاو کردەوە.

هاوکات قوتابخانە سەرەتایی و دواناوەندییەکانی مەنتەقەی ١ و ٢ی ورمێ، لە دانی سەرلەبەیانیاندا داخران.

لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمین جار خۆڵبارین شاری مەهابادی گرتۆتەوەو کێشەی تەندروستیی بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی هەناو و سیپەلاک و ژنانی دووگیان دروست کردووە.

\"24657.jpg\"
قوتابخانە سەرەتایی و دواناوەندییەکانی مەنتەقەی ١ و ٢ی ورمێ، لە دانی سەرلەبەیانیاندا داخران
لە شاری بۆکانیش، خەستیی خۆڵبارین ٦٥٠ میکرۆگرەم لە یەک میتری سێ‌جادایە، کە ١٠ بەرابەری رێژەی دیاکریکراوە.

ئەو دۆخە قەیراناوییە، کە لە بەیانیی رۆژی رابردوویەوە ناوچەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوای گرتۆتەوە، کێشەی زۆری بۆ خەڵکی شاری سەردەشت و بەتایبەت کەمئەندامانی بۆردمانی چەکی کیمیایی ئەو شارە دروست کردووە.

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری سەردەشت بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی راگەیاندووە؛ رێژەی خۆڵبارین لە ئێستادا ١٧ بەرابەری رێژەی ئاساییە.

هاوکات لە شاری ئیلام خەستیی خۆڵبارینەکە بە رێژەیەک بووە، کە خۆڵبارینەکە کڵاشەی کردووەو ماشیێنەکانیش بە هەڵکردنی چراکانیانەوە هاتوچۆ دەکەن.

خۆڵبارین لە شاری ئابدانان، ئاستی بینینی بۆ ٥٠ میتر کەم کردۆتەوەو بەهۆی نەبوونی سیستەمێک بۆ پێوانی خەستیی ئەو خۆلبارینە، خەستیی خۆڵبارینەکە دیاری نەکراوە.

رۆژی یەکشەممە، قوتابخانە سەرەتاییەکان و باخچەی ساوایانی ئیلام، لە دانی بەیانیدا داخرابوون و ئەمڕۆش کاتژمێرێک درەنگتر ئیدارەکان کرانەوە.

داوا لە هاووڵاتییانی ئەو شارانە کراوە، کە ئەگەر بەهۆی خۆڵبارینەوە تووشی هەناسە بڕکێ و سەر ئێشە و رشانەوە بوون، دەستبەجێ خۆیان بگەیەننە ناوەندە دەرمانییەکان.

\"24658.jpg\"
ئوستانی کوردستان بەهۆی سنووری هاوبەشی ٤٣٠ کیلۆمیتری لەگەڵ وڵاتی ئێراق، زۆرترین حاڵەتی خۆڵبارینی تێدا تۆمار دەکرێت
فڕۆکەخانەی ئیلام، کە لە هەر رۆژێکدا ٦٠٠ مسافیر بۆ سەردانی تاران و بە پێچەوانە لە تارانەوە بۆ ئیلام سەردانی دەکەن، بەهۆی دۆخی نالەباری ئاو و هەواییەوە هەڵفڕینەکانی پک خستۆتەوە.

ئوستانی کوردستان بەهۆی سنووری هاوبەشی ٤٣٠ کیلۆمیتری لەگەڵ وڵاتی ئێراق، زۆرترین حاڵەتی خۆڵبارینی تێدا تۆمار دەکرێت.

رادیۆ ئاڵمان پێشتر لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە دیاردەی خۆڵبارین بڵاوی کردبوویەوە؛ سەرەڕای ئەوەیکە وشکەساڵی و بەکارهێنانی نادروست لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران کاریگەریی لەسەر خۆڵبارین هەیە، بەڵام ناکرێ کەمبوونەوەی باران بارین لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی ئێران لەبەرچاو نەگرین. وشکبوونی زۆربەی تاڵاوەکانی سەرە رێی هەڵکردنی با، گۆڕانی رێڕەوی ئاوی چۆمی دیجلە و فورات، بەشیک لەو بابەتانەن کە وڵاتانی دراوسێی ئیڕان دەبێ چارەسەری بۆ ببیننەوە.

ئەم کارە تەنیا بە یارمەتیی وڵاتانی ئێراق، کوەیت و عەرەبستان جیبەجی دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا وڵاتی ئێران تووشی مشتومڕی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی وەکوو عەرەبستانە و وڵاتی ئێراقیش تووشی شەڕی داعش و قەیرانی سیاسییەکی گشتگیر بووە.