شەپۆلی پارازیت زیندانییەکی بەساڵاچووی کوردی لە زیندانی رەجایی شار رەوانەی نەخۆشخانە کرد

13:48 - 21 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلەکانی پارازیت، کە بە بیانووی رێگری لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەسەر دیوارەکانی ئەو زیندانە دامەزراون، زۆربەی زیندانییان تووشی نەخۆشی بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری سولێمانی بەناوی کەریم مەعرووف عەزیز تەمەن ٧٠ ساڵ، کەلە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە، بەهۆی شەپۆلی پاریزیتەوە باری تەندروستیی تێکچووە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە.

کەریم عەزیز ناسراو بە حاجی کەریم کە سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار باری تەندروستیی تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، هەتا ئێستا بۆ نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەج نەگەڕێندراوەتەوە.

ئەو زیندانییە کوردەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ماوەی ٢٠ ساڵە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە و هەتا ئیستاش دۆسییەکەی روون نەبۆتەوە.

بە وتەی زیندانییانی رەجایی شاری کەرەج، ١٢ دەزگای ناردنی شەپۆلی پارازیت لە ٤٠ میتریی بەندی زیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج داندراوە و بە بەردەوامی کار دەکەن و بەهۆیەوە زۆربەی زیندانیان رۆژانە تووشی رشانەوە و سەرگێژە دەبن.

دەگوترێت لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا چەندین زیندانی بەهۆی شەپۆلی پارازیتەوە باری تەندروستییان تێکچووە و سەرەڕای ناڕەزایەتیی و تەنانەت مانگرتنی زیندانیان، ئەو دەزگایانە زیاد دەکرێن.

زیندانییان لەو باوەڕەدان، شەپۆلەکانی پاڕازیت هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ڤیتامین لە جەستەی ئەو زیندانییانە دایە و هاوکات پزیشکانی نێو زیندان کاریگەریی نەرێنیی ئەو شەپۆلانەیان پشتڕاست کردۆتەوە.