شەپۆلی پارازیت بنەماڵەیەکی کوردی لە جوانڕۆ تووشی گرفتاری کرد

15:46 - 4 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: منداڵی بنەماڵەیەکی کوردی خەلکی شاری جوانڕۆ کە بەهۆی شەپۆلی پارازیتەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکیەوە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ئەوەی منداڵێکی خەڵکی جوانڕۆ بەهۆی شەپۆلی پارازیتەوە لە نەخۆشخانەی \"ئیمام حوسێن کرماشان\" گیانی لەدەست دا، هەنووکە بنەماڵەکەی داوای ٤٠ ملیوێن تمەن پارەیان لێ دەکرێت.

سەرچاوەکە گوتیشی ئەو منداڵە چوار مانگ پێش ئێستا لەدایک بووەو لەو کاتەوە بەهۆی ئاسەوارەکانی پارازیتەوە لە نەخۆشخانەی کرماشان لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوو.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، ئەو بنەماڵە کوردەی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە کاتێکدا داوای ئەو بڕە پارەیان لێ دەکرێت، کە پێشتر ١٤ ملیۆن تمەن پارەیان بەو نەخۆشخانەیە داوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی کرماشان لە کاتێکدا تەرمی ئەو منداڵەیان رادەستی بنەماڵەکەی کردۆتەوە، کە کارتی پێناسی باوکی ئەو منداڵەیان وەکوو بارمتە راگرتووە.

دەگوترێت، ئەو بنەماڵە کوردە سەرەڕای ئەوەیکە یەکجار دەستکورت و هەژارن، خانووشیان نییە و لە ماڵی کرێ‌دا ژیان دەکەن و پێیان راگەیەندراوە، هەتا کاتێک ئەو برە پارەیە نەخرێتە حیسابی نەخۆشخانەوە، کارتی پێناسەکەی پێ نادرێتەوە.

پێشتر لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا دوو منداڵ لە شاری جوانڕۆ، کە دوانە بوون، بەهۆی ئاسەواری نەرێنیی شەپۆلی پارازیتەوە گیانیان لەدەست دا.

ماوەی چەندین ساڵە دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی گرفت دروستکردن بۆ پەخشی کەناڵە ئاسمانییەکانی دەرەوەی ولات، دەزگای بڵاوکردنەوەی شەپۆلی پارازیتیان دامەزراندووە، کە ئەمە راستەخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاولەمە(جنین) نێو سکی دایک و تووشبوونی هاوولاتییان بە نەخۆشییەکانی وەکوو شیڕپەنجە هەیە.