شەپۆلی نوێی دەستبەسەر كردنی چالاكانی عەرەب لە ئەهواز

13:33 - 16 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: شەپۆلێكی نوێ‌لە دەستبەسەر كردنی چالاكانی عەرەب لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە لە چەندین شوێنی ئەهواز دەستی پێكردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لەلایەن چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازەوە، دوابەدوای ئیعدامی 4 هاووڵاتیی، دەركردنی حوكمی ئیعدام بۆ ژمارەیەك لە لاوانی عەرەبی ئەهواز و دەستبەسەركردنی بەربڵاو، هیزە ئەمنیەتییەكان شەپولێكی نوێ‌لە دەستبەسەر كردنیان لە ناوچەكانی \"ویس، زرگان و امویلحە و شوشتر\" و هەروەها ناوچەی \"عبودە\" هەڵكەوتوو لە سەر رێگای ئەهواز ـ حەمدیە دەست پێكردووە.

بە وتەی سەرچاوە ناوچەییەكان لەم چەند رۆژەی دواییدا ژمارەیەك چالاكی فەرهەنگی و مەزهەبی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزاون، مەنسوور عەسكەری، باقر غولامی (نعامی)، سەباح شەرباز، حەمید ئەلسەبع و حاكم كوڕی عەوید بۆ وێنە لە دەستبەسەر كراوەكانن.

ئەو دەستبەسەر كراونە سەرجەم خەڵكی \"زرگان و ملاسانی\"ن.

هەروەها سامر جامعی، ئەبوو حەمزە و یووسف میاحی كوڕی \"جان اللە\" خەڵكی وەیس هاوكات لەگەڵ ئەو هاووڵاتیانە دەستبەسەر كراون.

هەر لەو پێوەندییەدا مەحموود حەمیدی كوڕی عەتیە، ئەحمەد حەمیدی كوڕی عەتیە، رەزا حەمیدی كوڕی عەتیە، موسلم و حەمید حەمیدی كوڕی رەسوول، مەنسوور سەلامی كوڕی موتیر، محەممەد حەمیدی كوڕی عەزیز، عەبدوڵڵا نیسی، عەزیز حەمیدی هاوڕی لەگەڵ براكانی نەعیم و جومعە( ناسر) كوڕەكانی عەبدولڕەزا و فەیسەڵ حەمیداوی كوڕی عەبدولعەلی (سەرجەم خەڵكی ئەمویلحە) لە دەستبەسەر كراوەكانن.

هاوكات لەگەڵ ئەو دەستبەسەر كردنانەدا لە عبوودە و حەمدیەش زیاتر لە 15 كەس دەستبەسەر كراون.