شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مانگی ڕێبەندان لە کوردستان لە ٨ ڕۆژدا، گەیشتە ٢٢ کەس

12:31 - 15 رێبەندان 2721

لە ڕێکەوتی ٤ هەتا ١١ی ڕێبەندان، شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، گەیشتە ٢٢ هاووڵاتی.

ئەو دەسبەسەرکراوانە خەڵکی شارەکانی "شنۆ، پیرانشار، بانە، بۆکان، سەقز، سنە، مەریوان و جوانڕۆ"ن کە بە گشتی لە هەر شارێکدا لە نێوان ٢ هەتا ٦ کەس دەسبەسەر کراون، بە جۆڕێک زۆربەی ئەوانە لە ڕۆژێکدا یان دوو ڕۆژدا، بە شیوەی گرووپی ٢ هەتا ٦ کەسی لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.

ئاژانسی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای خستنەبەرباسی دوایین ئامار و دۆخی ئەو شەپۆلە دەسبەسەرکراوانە لە کوردستان، بە شێوەی خشتە ڕوون دەکاتەوە.

شنۆ: لە ڕۆژانی ٣ و ٤ی ڕێبەندان، چوارهاووڵاتی بە ناوەکانی "سیامەند خوارەزم، یووسف ئەمینی، موراد ساعی و ئاسۆ شیخە" دەسبەسەر کراون.

بۆکان: لە ڕۆژی ٧ی ڕێبەندان ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی حوسێن قورەیشی و هێمن ڕەسووڵزادە، دەسبەسەر کراون.

بانە: ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، دوو برا بە ناوەکانی دانا و زانا ئەحمەدپوور دەسبەسەر کراون.

پیرانشار: لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ڕێبەندان، دەسبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەیووب حەدیسی، ڕەحمان خزمەتگوزار، هەر دووکەسیان ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پیرانشار بوون، عەلی عومەرپوور، فەریاد شیلان، موراد مامەڕەش و یووسف عومەرپوور.

سەقز: ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان، دەسبەسەرکرانی دوو کەس بە ناوەکانی زەمانە زیویە و مێقداد (کاردۆخ) حەسەن‌نژاد.

سنە: لە ڕۆژانی ٩ و ١١ی ڕێبەندان، دەسبەسەرکردنی دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی خەبات شەکیبا و ڕێبوارعەبدوڵڵاهی.

مەریوان: لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ڕێبەندان، سێ کەس دەسبەسەرکران کە دوو کەسیان چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە ناوەکانی شەعبان محەممەدی و جەبار دۆستی و هەروەها هاووڵاتییەک بە ناوی خەبات وەیسی.

هەروەها ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەک لە جوانڕۆ بە ناوی "موسەیب یارئەحمەدی دەسبەسەر کرا.

تەواوی ئەو ٢٢ کەسە لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتییەوە دەسبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ٢٢ کەسە، هەتا ئێستا جەبار دۆستی چالاکی سێنفیی مامۆستانی کوردستان_مەریوان ئازادن کراوە وهەروەها زەمانە زیویە و مێقداد حەسەن‌نژاد و ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە، ڕاگوێزراون.

لە چارەنووسی هاووڵاتییانی دیکە زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە، بەڵام بەپێی شیمانەکان ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوانە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لەژێر لێکۆڵینەوە، دان.

بە سەرنجدان لە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە مانگی ڕێبەندان و هەڵسووکەتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دەسبەسەرکردنی خەڵک لە کوردستان، دەتوانین بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین کە لە جۆرێک هەڵسووکەتی دیار لە دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کەڵکوەرگیراوە و دەتوانی بڵێن ئەو شەپۆلە دەسبەسەرکردنە "بەرنامە بۆ دارێژراو" بووە.

ئاماری دەسبەسەری لە شارەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتە بەرباس لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ دایە.

سنە: ٦٢ حاڵەت

شنۆ: ٤٣ حاڵەت

پیرانشار: ٣٨ حاڵەت

بانە: ٣٧ حاڵەت

مەریوان: ٣١ حاڵەت

بۆکان: ٢٠ حاڵەت

سەقز: ١٥ حاڵەت

ئامادەکردنی: ئەوین مستەفازادە