شەهێن بایزیدپوور پاش ٢٢ رۆژ لە دەستبەسەری بۆ زیندانی ورمێ راگوێزرا

17:06 - 10 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی ئەوشارەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"شەهین بایزیدپوور\" ئەندامی خولی دووەمی شۆرای شاری بۆکان، رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ بۆ بەندی گشتیی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ (زیندانی دەریا) راگوێزرا.

شەهێن بایزید پوور رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ لەشاری بۆکان و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

ئەو ئەندامەی پێشووی شۆرای شاری بۆکان یەكێک لە چالاکانی مەدنی و هەروەها یەکێکیش لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی كەمئەندامانی ئەو شارە بووە.

دوابەدوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی شۆرای شاری بۆکان کلە ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، چەندین کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای ئەو شارە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی هەڕەشەی مەئموورانی ئەو ئیدارەیە بوونەوە.

زۆربەی پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەشێوەی پلان بۆ دارێژراو لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە.