شەهلا پەیغامی، دایکی برایانی تەهازادە وێڕای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هەڕەشەی لێ‌ کرا

12:26 - 24 سەرماوەز 2722

پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی شەهلا پەیغامی، دایکی فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی شنۆ، کە بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکانی داوای بە هاناچوونی کردبوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرا.

بسەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند، شەهلا پەیغامی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو، کە بۆچی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو کردووەتەوە و مافی وتووێژکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی لەو پەیوەندییەدا نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: شەهلا پەیغامی کە بۆ بەدواداچوونی دۆسییەی کوڕەکانی سەردانی دادسەرای ورمێی کردبوو، لەوێدا، هەم فیلمەکەیان پێ نیشان دابوو و هەم گوشاریان خستبووە سەری کە ئەو کەسەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لێ هەڵگرتووەتەوە بەو ناوەندە بناسێنێت و ئیتر مافی دووبارەکردنەوەی ئەو کارەی نییە.

شەهلا پەیغامی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا کە بڵاوی کردبووە، داوای لە خەڵک کردووە کە گیانی کوڕەکانی لە مەترسیدایە و بە هانایەوە بچن. ئەو هەروەها دەڵێت: کوڕەکانی بێتاوانن و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراون.

فەرهاد و فەرهاد تەهازادە هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان پاش کوژرانی مەهسا-ژینا ئەمینی، ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەر دەسبەسەر کران.

 ئەو دوو برایە هەردووکیان خێزاندارن و فەرزاد کچێکی کەم تەمەنی هەیە و خێزانیشی دووگیانە.

بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئاژانسی کوردپا لەمەڕ بارودۆخی فەرزاد و فەرهاد تەهازادە، بە تۆمەتی "موحاربە" تۆمەتەکانیان پێ ڕاگەیەندراوە و دۆسییەکەیان بۆ کۆبوونەوەی دادگا، ڕەوانەی ورمێ، کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: فەرزاد تەهازادە لە زیندانی ورمێ و فەرهاد تەهازادە لە زیندان/ گرتنگەی شاری شنۆیە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: تۆمەتی "موحاربە" چەند جار بەو دوو برایە ڕاگەیەندراوە و ئەوان ناچار کراون کە واژۆی هێندێک لاپەڕە بکەن. هەروەها دادوەری چاوەدێری لە سەر دۆسییەکەیان و پارێزەرەکەشیان بە دایکی فەرزاد و فەرهادیان ڕاگەیاندووە کە سەردانی دادسەرا و دادگا نەکەن و لەگەڵ تۆمەتی "موحاربە" هیچ کارێک ناتوانن بکەن.