شەمزین محەممەدی پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندان

11:32 - 30 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، "شەمزین محەممەدی" زیندانی سیاسیی خەڵکی گوندی "ئالی‌ کەند"ی شاری بۆکان، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان ئیزنی مەرەخەسیی پێ درابوو.

شەمزین محەممەدی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

شەمزین محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.