شەمزین محەممەدی پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا

11:04 - 1 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، شەمزین محەممەدی زیندانیی سیاسی، خەڵکی گوندی "ئاڵیکەند"ی شاری بۆکان، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ ئیزنی مەرەخەسیی پێدرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.

شەمزین محەممەدی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٠، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی" بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

شەمزین محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، بە بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.