شەمزین محەممەدی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا

10:34 - 1 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەمزین محەممەدی"، خەڵکی گوندی "ئاڵی کەند" سەر بە بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

شەمزین محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.