شەعبان محەممەدی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان دەسبەسەر کرا

17:45 - 21 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، شەعبان محەممەدی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییە لە کاتی هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەی خۆیدا، لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چالاکە سێنفییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک، خۆیان دەبوێرن.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئازاد کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە سنە کرابوون.