شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران

11:39 - 15 جۆزەردان 2722

شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، ئەو دوو چالاکە سێنفییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕایانگەیاندووە کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان مەسعوود نیکخایان ناچار کردووە کە بە زمانی فارسی لەگەڵ هاوژینەکەی قسە بکات".

شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران لە دژکردەوەیەکدا بە هەواڵی ڕاگواستنی ئەو دوو چالاکە سێنفییە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕایگەیاندووە: "ئەو ڕاگواستنە لە ڕاستای پرۆژەسازیی ناڕاستی دەنگ و ڕەنگ و سێناریۆسازییەکانە کە کۆمەڵگەی مامۆستایان چەندین جار ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە".

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، "شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا" لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، دەسبەسەر و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شەعبان محەممەدی ئازاد کرابوو.

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە سنە کرابوون.

 دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

هەروەها ئەو دوو چالاکە سێنفییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، "لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوون.