شەعبان محەممەدی بۆ لێپرسەکانی گرتنگەی سنە: ئێوە کێن کە هاتوون لێپرسینەوە لە من دەکەن؟

12:37 - 11 جۆزەردان 2722

ئەفشین نەدیمی چالاکی سیاسی لە لاپەڕی کەسیی خۆیدا لە فەیسبووک، لە زاری یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکان کە لە زیندانی سنە بووە و بە بارمتە ئازاد کراوە، بڵاوی کردووەتەوە کە "شەعبان محەممەدی" مامۆستای دەسبەسەرکراو، لە کاتی لێپرسینەوەکردن لێی لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتییەوە، پێیانی ڕاگەیاندووە: "ئێوە کێن کە هاتوون لێپرسینەوە لە من دەکەن؟".

ئەو چالاکە سیاسییە بە ئاماژەدان بە پارێزراوبوونی شوناسی ئەو زیندانییە ئازاد کراوە، بڵاوی کردووەتەوە: "شەعبان محەممەدی کە چۆن لە کاتی لێپرسینەوەدا دەنگی بەرز کردووەتەوە و وتوویەتی، من سەدان خوێندکارم پەروەردە کردووە و تەحویلی کۆمەڵگەم داوە. نازانم کێ ئێوەی وا بار هێناوە کە وا بەرانبەر بە تاکەکان ڕەفتار دەکەن! وادیارە هەرکەس ئێوەی پەروەردە کردووە مامۆستایەکی باش نەبووە، چونکە ئێمە منداڵ و خوێندکاری وامان پەروەردە نەکردووە".

ئەو چالاکە سیاسییە هەروەها لە زاری "سۆران" ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەوان لە کاتی لێپرسینەوەیان بە لێپرسەکەیان ڕاگەیاندووە: "ئێمە خەریکین نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگە پەروەردە دەکەین و باریان دەهێنین، ئێوە بۆتان نییە لێپرسینەوە لە ئێمە بکەن. ئێوە لەو ئاستەدا نین کە بە ئێمەی مامۆستا بڵێن چی بکەین و چی نەکەین".

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، شەعبان محەممەدی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی ٢٣ی بانەمەڕ،  لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.