شەشەمین دادگاییکردنی "ئەسکەندر لوتفی" لە لقی ١٠٤ی دادگای جەزایی سنە بەڕێوە چوو

17:07 - 8 رێبەندان 2719

ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕێبەندان، شەشەمین دادگاییکردنی "ئەسکەندەر لوتفی"، مامۆستا و ئەندامی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان/ مەریوان، لە لقی ١٠٤ی دادگای جەزایی سنە بەڕێوە چوو.

لەو دادگاییکردنەدا، دەیان کەس لە مامۆستایانی مەریوان و سنە بەشدار بوون. زیاتر لە ٥٠ کەس لە مامۆستایانی مەریوان کە بۆ پشتیوانی لە ناوبراو و چالاکانی سێنفیی دیکە، خۆیان گەیاندبووە سنە، پاش کۆبوونەوە لە حەوشەی دادگا، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی سنەیی چوونە نێو سالۆنی دادگا لە لقی ١٠٤ی  دادگای جەزایی سنە.

لەسەر بڕیاری دادوەر، لەو کۆبوونەوەیەدا تەنیا ئیزنی سێ مامۆستا درا کە بەشدار ببن و مامۆستایانی دیکە هەتا کۆتایی دادگاییکردنی ئەو مامۆستا کوردە، لە داڵانی دادگاکە چاوەڕوانییان دەکرد.

دۆسیەی ئەو ئەندامەی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، لەسەر سکاڵای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، هاوکات لە لقی یەکی دادگای ئینقلاب و لقی ١٠٤ی جەزایی سنە، تاوتوێ کرا.

"ساڵح نیکبەخت"، پارێزەری ئەو مامۆستا کوردە، بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی لێپرسینەوە لە دانە پاڵی تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە بریگرتەکەی، خوازیاری بێتاوان بوونی ئەسکەندەر لوتفی لە تەواوی ئەو تۆمەتانە بوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو چالاکە سێنفییە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد و هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەسکەندەریان لەگەڵ خۆیان برد. هەروەها ناوبراو پاش دەسبەسەر کردن، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای کوردستان لە سنە کرا.