شەش چالاکی مەدەنی بانگهشتی دادگای سەقز کران

15:43 - 4 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز شەش چالاکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە ناردنی بەڵگەی نووسراوەی بانگهێشت کردن بۆ ٦ چالاکی مەدەنی ئەو شارە، ئەوانیان بانگهیشتی دادگا کردووە.

هەاڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو چالاکە مەدەنییانەی بەم چەشنە ڕاگەیاند:

سڵێمان عەبدی، چالاکی مەدەنی ومامۆستای هونەرە جوانەکانی فەنی وحیرفەیی شاری سەقز

محەممەد عابدی، مامۆستای هونەری قوتابخانەکانی شاری سەقز
سەید عەلی حوسێنی، مامۆستای زمانی ئینگلیسی شاری سەقز
مەلا حەسەن مەحموودی، پێشنوێژی گوندی\"کانی نیاز\"ی شاری سەقز
لوقمان قورەیشی و حەسەن سەلیمی ئازاد.

بەپێی زانیارییەکان ئەو چالاکە مەدەنییانە دەبێ ٧ی گەلاویژ خۆیان بە دادگای ئینقلابی شاری سەقز بناسێنن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییانە بە تۆمەتی\"پڕپاگەندە دژی نیزام\" تۆمەتبار کراون.

ئەو شەش چالاکە مەدەنییە پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی\"ئایچی\" سەر بە شاری سەقز، بانگهشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز گوشاری زیاتری خستۆتە سەر چالاکانی مەدەنی ئەو شارە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش تاهیر قادرزادە، مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بەتۆمەتی \"تێکدانی بیروڕای گشتی و وەرێخستنی کۆبوونەوەی نایاسایی\" حوکمی ٩١ رۆژ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەسەردا سەپا.