شەش هەزار ناوی کوردی لە دووتۆیی فەرهەنگنامەی \"کۆبانی\"دا بڵاو کرایەوە

16:41 - 6 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد کە لەبواری کاریIT دا شارەزایی هەیە فەرهەنگنامەیەکی کوردی بەشێوەی ئیلکترۆنی خستووەتە بەر دەستی بەکارهێنەرانی ئەو بوارە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سیروان دەرمان\" خوێندکار و چالاکی فەرهەنگی خەڵکی شاری نەغەدە بە هاوکاریی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری شنۆ و چەند چالاکێکی دیکەی نەغەدە توانیویەتی فەرهەنگنامەی \"کۆبانی\" کە شەش هەزار ناوی ناوازەی کوردی لە خۆ گرتووە، دابڕێژێت.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە باسی لەوەش کردووە، نووسین و داڕشتنی فەرهەنگەکە ماوەی ٨ مانگی خایاندووە و ئێستا تەنیا وەکوو نەرم ئەفزار لە تەلەفوونەکانی ئەندرویدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

\"26191.jpg\"
سیراون دەرمان هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٥ نەرم ئەفزار و بەرنامەی تەلەفوون و کامپیۆتێری بە زمانی کوردی دروست کردووە
سیراون دەرمان بە سەرچاوە ناوچەییەکانی وتووە، لەداهاتوویەکی نزیک هەوڵ دەدەم کە ئەو فەرهەنگە لە دووتۆیی کتێبدا لەچاپ بدەم.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبارەی هەڵبژاردنی ناوی کۆبانی وتوویەتی: بە مەبەستی هاودەردی لەگەڵ قوربانیان و لێقەوماوانی خەڵکی کۆبانی و ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارە هات، ناوی کۆبانیم هەڵبژاردووە.

سیروان دەرمان تەمەنی ٢١ ساڵە و دانیشتووی ئاوایی زلیلانی شاری نەغەدەیە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٥ نەرم ئەفزار و بەرنامەی تەلەفوون و کامپیۆتێری بە زمانی کوردی دروست کردووە.

ئەو لاوە کوردە لەحاڵی حازردا لەزانکۆی شاری ئەردەبیل، رشتەی کشت و کاڵ و نباتات دەخوێنێت.