شەش هاووڵاتیی سەوڵاوایی بە زیندان مەحکووم کران

20:32 - 17 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، حوکمی زیندانیی بە سەر شەش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بەخشی هەورامانی شاری سەوڵاوا، سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابروودا، دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، شەش هاووڵاتیی بە ناوەکانی \"حەمید ئەحمەدی، بورهان ئەدوائیان، عەبدوڵڵا ئەدوایی، فەردین ئەدوایی، ئەنسار ئەدوایی و ئارام ئەدوایی\"، بە ڕیز بە ٤ ساڵ، ساڵێک، ساڵێک و شەش مانگ، شەش مانگ و سێ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، ئەم حوکمەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، بەبێ بەشداریی پارێزەری دیاریکراو، بۆ ئەو شەش هاووڵاتییە کوردە، بڕیوەتەوە.

ئەو شەش هاووڵاتییە کوردە، سەبارەت بەو حوکمە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دۆسیەی ئەوان ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کراوە.