شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد ئێعدام کران

15:31 - 14 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: پێنج هاووڵاتیی کورد بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر و هاووڵاتییەکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی سەقز، سەڵماس و خۆی ئێعدام کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، کە دوو کەسیان بە تۆمەتی ماددەی سڕکەر و یەکێکی دیکەیان بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" کە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوار شەممە، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ، حوکمەکەیان جێبەجێ کرا.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی \"لوقمان ڕەشیدی\" و \"کاوە سوهرابی\" ڕاگەیەنراوە و بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددەی هوشبەرەوە لە سێدارە دراون.

هەروەها \"مستەفا سەلیم زادە\" تەمەن ٢٣ ساڵە بە تاوانی کوشتن (قەتڵی بە ئەنقەست)، حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابوویەوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە ئیعدام کراوە ڕۆژی سێشەممە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.

هەرلە پەیوەندی لەگەڵ ئێعدام‌کردنی هاووڵاتییانی کورد، ڕۆژی یەک شەممە ٦ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە زیندانی شاری سەڵماس و دوو هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی شاری خۆی ئێعدام کران.

ناسنامەی ئەو سێ هاووڵاتییە بە ناوەکانی شاپوور وەرشۆ هەشتیان، داوود محەممەدی و ئەحمەد ڕەستگار ڕاگەیەنراوە.

ئەو سی هاووڵاتییە بە تۆمەتی کرێن و فروشتنی ماددەی سڕکەر لە سێدارە دراون.

هەروەها ڕۆژی ی١٢ گەلاوێژ، نزیکەی ٢٥ هاووڵاتییەی سوننه مەزهەبی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران.

ئێران لە پاش چین، بە پێشەنگی ئێعدام کردنی شارۆمەندانی لە جیهان بە ئەژمار دێت و زۆرترین ژمارەی ئێعدام‌کراوەکان لە ئێران، بە هۆی تاوانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوەیە و دوای ئەویش بابەتی حوکمی کوشتە (قیساس) کە تاوانباران بەدەست بنەماڵەی کوژراوەکان دەچنە سەر پەتی سێدارە.