شەش فەرمانبەری فەرمانداری قەسری شیرین لەسەر کار دەرکران

15:52 - 15 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: پارێزگای کرماشان بە پێچەوانە بەڵێنیی پێش هەڵبژاردنەکان، ٦ کەسی لە پێرسۆنێلی بازارچەی پەرویزخانی لەسەر کارەکانیان دەرکردووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی نوێی ١٣٩٥ ی هەتاویدا بە بڕیاری ڕاستەوخۆی پارێزگاری کرماشان دەستکراوە بە لادانی فەرمانبەرانی فەرمانداری شاری قەسری شیرین.

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٦ کەس لە پێرسۆنێلی سەر بەو دامەزراوە دەوڵەتییە دەرکراون کە گرێبەستیان لەتەک ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانی پارێزگای کرماشاندا هەبووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردانە ماوەی ١٠ تا ١٥ ساڵە کە لە فەرمانداری قەسری شیرین سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی کاروباری پێوەندیدار بە سنووری فەرمی پەرویزخاندان.

سەرچاوە خەبەرییەکانی پارێزگای کرماشان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە نووسیویانە کە چەند ڕۆژ بەرلە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممەی پارساڵ، پارێزگا بەڵێنی چارەسەری کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی دابوو.

ئەو کەسانە سەربە فەرمانداری قەسری شیرینن بەڵام مووچە و حەقدەستەکانیان لەلایەن ڕێکخراوی هاریکاری شارەوانییەکانی پارێزگای کرماشانەوە دابین دەکرێت؛ ئەمەش لەحاڵێکدایە کە پەروێزخان لە ساڵدا ٤ میلیارد دۆلار داهاتی هەیە.

لەئێستادا ئەو دوو دامەزراوە دەوڵەتییە سەبارەت بە دەرکرانی ئەو فەرمانبەرانە، لایەنی بەرانبەر بە تاوانبار دەزانێت.

ماڵپەری خۆجێیی \"الوند خبر\" وێڕای ئاماژەدان بە \"دیکتاتۆری ڕێکخراوەیی\" لە پرسی ناوچەی بازرگانی قەسری شیرین، باسی لە ١٥ کەس لە مەئموورانی بازارچەی پەروێزخان کردووە کە کێشەی هاوشێوەیان هەیە و ئەگەری دەرکرانیان لەئارادایە.