شەش زیندانیی کورد لە ورمێ ئێعدام کران

15:31 - 6 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی ٦ کەسیان لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەشی گەلاوێژ، سزای لەسێدارەدانی ٦ هاووڵاتیی کورد لە حەوشەی گرتووخانەی \"دەریا\" جێبەجێ کراوە.

ناسنامەی کەسانی ئیعدامکراو؛ مەجید هێرکوولی، ڕەحمان فوولادی، موجتەبا شیرخانی، عەبدۆڵڵا قادری، عەلی تەلعەتی و چەنگیز شیری ڕاگەیەندراوە.

ئەو شەش کەسە لەلایەن دادگەکانی ئێرانەوە بە \"کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر\" تۆمەتبار کراون و تاکوو دوێنێ بەیانی لە بەندەکانی ١٢ و ١٤ی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیرابوون.

تائێستا هیچ ناوەندێکی فەرمی حکوومەتی سەبارەت بە ئیعدامی بەکۆمەڵی ئەو ٦ کەسە هەڵوێستی نەبووە و دادگوستەری گشتیی ورمێش لەوبارەوە بێ دەنگە.

ڕۆژی دووشەممەی ئەو حەوتوویەش زیندانییەکی کورد لە شاری سونقور لە پارێزگای کرماشان ئیعدام کرا. ئەم کەسە تۆمەتی \" قصاص نفس\"ـی لەسەر بوو.

بەپێی ئامارێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لانیکەم ٢٥٠ کەس لە ڕۆژی ١١ی بەفرانبار ساڵی ڕابردوو تاکوو ٣٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە ئێراندا ئیعدام کراون.

تاوانی پێوەندیدار بە \"ماددەی هۆشبەر\" و \"کوشتن\" زۆرینەی لەسێدارەدراوەکانی ناو گرتووخانەکانی ئێران لەخۆ دەگرێت.