شەر لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسدران لە شاری پیرانشار ڕووی دا

15:59 - 16 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدران تووشی شەڕ و تێکەڵچوون هاتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوە شەوی ١٤ی گەلاوێژ، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار هاتە ئاراوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا زمانحاڵی حدکا لەو باریەوە بڵاوی کردەوە،\"تیمێک لە هێزی پێشمەرگەی نێوشار سەر بە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی ئەنجامدانی گەشت و مەئمووریەتێکی حیزبیدا لە ناوچەی پیرانشار کەوتنە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی جەهل و نەزانی سەر بە سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی سەر بەو سپایە و لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداراندا دەرگیری و تێکهەڵچوون ڕووی دا\".

لە ڕاپۆرتی کوردستان میدیا دا هاتووە:\" لەو شەڕ و تێکهەڵچوونە کە لە شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ورمێ ڕووی داوە، تیمێک لە پێشمەرگەکانی\"شار\" زەربەی قورسیان لە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدران داوە\".

\"کوردستان میدیا\" لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بڵاوی کردەوە، لەم دەرگیرییەدا دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی\"یەعقووب مورادی\" و \"هێمن مەوڵان نێژاد\" گیانیان لە دەست داوە و چوار ئەندامی سپای پاسدران کوژراون و شەش کەسی دیکە لە ئەندامانی سپای پاسداران بریندار بوون.

پەیوەندییە گشتییەکانی قەراگای حەمزەی سپای پاسدران لە بەیاننامەیەکدا، شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.

قەرارگای حەمزە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان چالاکی دەکات.

پێشتریش، لە ماوەی مانگەکانی پێشوودا، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان ‌هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و سپای پاسدران هاتبووە ئاراوە.