شێرکۆ منبەری پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا

10:58 - 20 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار، هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرکۆ منبەری"، خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە سنە، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بانگهێشت کرا و لە هۆکاری بانگهێشتکردنی ناوبراو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، شێرکۆ منبەری، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، برای ئەو هاووڵاتییە بە ناوی "میلاد منبەری"، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر لیپرسینەوەدایە.