شێرکۆ ئاگووشی پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە

10:52 - 18 جۆزەردان 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، شێرکۆ ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، بە کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاتبووەوە مەرەخەسی. ئاگووشی ئەمە بۆ سێهەمین جارە کە هاتووەتەوە مەرەخەسی و پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕاوەتەوە بۆ زیندان.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە "هەوڵی چەکدارانە و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران"، تۆمەتبار کرا کە ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئینقلابی مەهاباد ئاوەڵایە و کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو لەو دادگایەدا بەڕێوە دەچێت.

شێرکۆ ئاگووشی، ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ٩٨، پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ، "سادق ئاگووشی" برای ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دابوو.

هەروەها، "کاوە ئاگووشی"، باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ٩٨ دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.