شێرکۆ ئاگووشی بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرا

10:40 - 9 بەفرانبار 2721

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵام کەریم‌خانی"، شێرکۆ ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری پیرانشاری بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرد.

دادگا ئەو حوکمەی بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکهەڵچوونی چەکدارانه و شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران"ی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیوەتەوە و ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانبار، ئەو حوکمەی پێڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێشتر لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان، شێرکۆ ئاگوشی بە پێبەندی ئێلێکترونێکی لە زیندانی نەغەدە ئازاد و دواتر لێبوردنی بۆ دەرکرا.

شێرکۆ ئاگووشی، ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ٩٨، پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ، "سادق ئاگووشی" برای ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دابوو.

هەروەها، "کاوە ئاگووشی"، باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ٩٨ دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.