شیرەمەنی لەکرماشان گەڕاوەتەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر

20:53 - 14 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکە پیشەسازییەکانی شیرەمەنی لە پارێزگای کرماشان، کەمتر لە ٣٠% دەفرایەتی، بەرهەمیان هەیە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەلانیکەمەوە سێ یەکەی بەرهەمهێنەری شیرەمەنی لە پارێزگای کرماشان کە ڕۆژانە دەیان تۆن بەرهەمیان هەبووە، داخراون.

پیشەسازیی شیرەمەنی \"سەحرا\"، \"حاجی بابا\"، \"بێریوان\" و چەند شوێنی دیکە لەماوەی ٣ ساڵی ڕابردوو داخراون.

بەرپرسی ئەنجوومەنی پیشەسازیی شیرەمەنی پارێزگای کرماشان دۆخی ئەم پیشەیەی بۆ هەلوومەرجی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ پێش ئێستا شوبهاند و ڕایگەیاند: دەوڵەت سێ ساڵە لە بیاڤی شیرەمەنیدا خەوتووە و هەڵناسێت.

سەید مێهدی ئەفخەمی لەبارەی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی شیرەمەنی بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ـی گوت: پێنج ساڵ لەمەوبەر، ١٥ یەکەی شیرەمەنی بوونیان هەبوو کەچی ئێستا تەنیا ٥ یەکەیان لە بواری بەرهەمهێناندا چالاکی دەکەن.

ناوبراو کە چەندین جار لە ڕاگەینە حکوومەتییەکان سەبارەت بە پێڕەوکردنی سیاسەتی هەڵە لە پیشەسازی شیرەمەنی هوشدار داوە، ئەمجارە باسی لە گەڕانەوەی ئەم پیشەیەی بۆ ٤٠ تا ٥٠ ساڵ لەمەوبەر کرد.

هەروەها بە گوتەیمێهدی ئەفخەمی، داگیرکرانی بازار لەلایەن یەکە نەریتییەکانی بەرهەمهێنەری شیرەمەنی، کەمبوونەوەی خواستی شیر لەلایەن بنەماڵەکانەوە، هاتنە بەرباسی بابەتی ڕۆنی پاڵم، نەبوونی پاڵپشتی لە پیشەسازی شیرەمەنی، نەدانی یارانەی شیر لە لایەن دەوڵەتەوە و هۆکارگەلی لە هۆکارەکانی فەوتانی پیشەسازیی شیرەمەنی باس دەکرێن.

هەربەپێی ڕاپۆرتە نیمچە فەرمییەکان، زیاتر لە ٤٠٠ یەکەی خستنەبازاری شیرەمەنی سوننەتی لە پارێزگای کرماشاندا بوونی هەیە.

لە دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاددا، بەرپرسانی دەوڵەتی لە کرماشان ڕایانگەیاندبوو کە لە ٢٥ یەکەی پیشەیی لە پارێزگا، ٦٠٦ هەزار تۆن بەرهەم دێتە بازارەکانی سێ پارێزگای کرماشان، ئیلام و کوردستان.

لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە ٤ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاژەڵ هەیە کە ساڵانە ٣٣٠ هەزار تۆن شیری خام بەرهەمدێنن.