شیرین عێبادی: کارنامەی هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرکۆماری شیاو نییە

14:44 - 11 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: چاوەدێری پەسەند کردنی(نظارت استصوابی) شوورای نیگەهبان بە پێچەوانەی بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ و پێچەوانەی یاسای بنەڕەتی ئێرانە.

شیرین عێبادی، بە ئاماژەدان بە بەربژێرەکانی سەرکۆماری و بە تایبەتی ڕۆڵی ئیبراهیم رەئیسی لە ئێعدامەکانی ساڵ ٦٧ی هەتاوی و دەستبەسەر کردنی ڕەخنەگەرانی حکوومەت ئێران لە چوار ساڵی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی، بە توندی ڕەخنەی لەو دوو بەربژێرە گرت.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ لەو وتووێژەدا ڕایگەیاند: ئیبراهیم رەئیسی کارنامەیەکی ڕەشی لە سەر مافەکانی مرۆڤ هەیە، کاتێک لاوەکان بە هۆی هزرێکی ڕەخنەگرانە لە دژی حکوومەت، ڕەوانەی گۆڕستانەکان دەکرد و تەنانەت ئامادە نەبوو، گۆڕەکانیان نیشانی بنەماڵەکانیان بدات.

ناوبراو هەروەها لە درێژەی ئەو وتووێژەدا ئاماژەی بەئێعدامی زیندانیانی سیاسی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە سەر بڕیاری خومینی کرد و گوتی: ئیبراهیم رەئیسی یەکێک لەو کەسانە بووە کە ئەو حوکمەی بەڕێوە بردووە.

بەرپرسی کانوونی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی ئێران هەروەها پرژایە سەرکارنامەی حەسەن ڕۆحانی و گوتی: بەداخەوە کارنامەی مافی مرۆڤی سەرکۆماری ئێستا لەگەڵ بەربژێرەکانی دیکە، کارنامەیەکی قابیلی قەبووڵ نیە.

وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل دەڵێت: وەزارەتی ئیتلاعات کە یەکێک لە ژێرکۆڵەکەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانییە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی زۆرێک لە هەواڵنێران و چالاکانی مەدەنی بووە و حەسەن ڕۆحانیش لەو کارەدا بێدەنگی هەڵبژاردووە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕاگەیاندووە: بەربژێرەکانی دیکەش کارنامەیەکی باشیان نیە و هەڵبژاردنی ئەو بەربژێرانە لە نێوان خراپ و خراپتر دایە.