شیرین عێبادی ڕەخنەی لە \"دووبەرەکی و بێزاری\" لە نێو نەتەوەکانی ئێران گرت

16:20 - 30 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: شیرین عێبادی، داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل، هێرشی ئەم دواییانەی شاری تارانی بە \"بیانوویەک بۆ سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران و بێ دەنگ کردنی دەنگی هەر ڕەخنەگرێکی مەدەنی\" ناوبرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شیرین عێبادی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری ناوەندی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هوشداری بە دەسەڵاتدارانی ئێران دا، کە خۆیان لە دروست کردنی\"دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە ئاستی میللی\" دوور بگرن.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە\" حیزبە کوردییەکان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی کورد پێشتر چەند جارێک مەترسی دزەکردنی داعشیان لە ناوچە کوردنشینەکان کردبوو و هوشدارییان بە دەوڵەتی ئێران دابوو، بەڵام کەس گوێی بەو هوشدارە نەدابوو\".

ئەو داکۆکیکارەی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد و بەلوچ بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ گرووپی\"داعش\" ی بە هۆکاری\" دروست کردنی دووبەرەکی زیاتر و میلیتاریزە کردنی کەش و هەوای ئێران بەتایبەت لەو شارانەی کە زۆربەی دانیشتوانییان گرووپە ئێنتیکییەکان پێکی دێنن\"، زانی.

شیرین عێبای داوای لە بەرپرسانی ئەمنیەتی، دادسەرا و دادگاکانی ئینقلاب کرد کە بە جێگای بەربەرەکانێ لەگەڵ چالاکانی مەدەنی، دان بە کەمتەرخەمی خۆیان لە پاراستنی ئەمنیەتی دا بنێن.

پاش ڕووداوی ئەم دواییانەی شاری تاران، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان دەیان هاووڵاتییان دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگواست.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەنووکە لە ئاشکرا کردنی شوناسی دەستبەسەر کراوەکان خۆیان بواردووە و لە ژمارە و شوناسی دەستبەسەرکراوەکان زانیارییەکی ورد و دروست لە بەردەست ڕاگەیەنەکاندا نییە.

پێشتر وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو کە؛کەسانی دەستبەسەر کراو سەر بە گرووپی\"وەهابی داعش\" ن و ئەو دەستبەسەرکراوانەی وەک \"تیمی عەمەلیاتی و هەروەها لقە پەیوەندیدارەکان و بەشی تەداروکاتی ئەو گرووپە\"ناوزەد کردووە.