شیرین عێبادی: چاکسازی لە نیزامی ئێراندا بێ‌سوودە

14:58 - 18 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: شیرین عێبادی، وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل و چالاکی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: ئێرانییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە نیزامی سیاسی لە ئێراندا شیاوی چاک بوونەوە نییە.

وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"پایگاە اینترنتی بلومبرگ\"دا ڕایگەیاند: خەڵکی ئێران بەدوای \"گۆڕینی نیزامی سیاسی\" و \"یاسای بنەڕەتی\" ئەو وڵاتە و دانانی یاسایەکی بنەڕەتی\"سێکولار\" و \"بەپێی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤەوەن\".

شیرین عێبادی چالاکی مافی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە، کە حەسەن ڕوحانی \"اصلاح‌طلب\" بێت.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی ئێران لە نەبوونی ڕێبەری لە نارەزایەتییەکان ڕایگەیاند: لە ڕەوتی خەباتدا ڕێبەران دەردەکەون، کاتێک هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێراندا هەبێت ڕێبەرانیش دەردەکەون.

پێشتریش، شیرین عەبادی لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، خوازیاری بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە ئێران و دیاریکردنی جۆری حکوومەت بۆ ئەو وڵاتە گۆڕینی ئاشتییانەی نیزامیی سیاسی لە ئێران بوون.

ئەو وەرگرەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل پێشتریش لە وتووێژێکدا لەگەڵ\"یورۆنیوز\" ڕایگەیاندبوو، سەرکۆماری ئێران بەرپرسی زۆربەی هەرەزۆری ڕووداوەکانە کە لە ئێراندا روو دەدات.

شیرین عەبادی لە دایکبووی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٢٦ی هەتاوی لە شاری هەمەدان، خوێندنی لە بواری یاسادا تەواو کردووە و تەنیا ئێرانییەک بووە کە خەڵاتی ئاشتی نوبێلی وەرگرتووە.