شیرین عیبادی: بناغەی کێشەکانی ئێران لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدایە

15:33 - 1 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: شیرین عیبادی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل ڕایگەیاندووە: کە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران لە خۆڕا بە دڵخۆشکردنی نەزانانە و باوەڕی کوێرکوێرانەی خەڵک لە ڕێفڕاندومی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەسەند کرا.

شیرین عیبادی لە گوتارێکدا لە لاپەڕەی \"دیدگاە\"ی دوویچەولەی فارسی، لە بارەی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئێران نووسیوویەتی: بە چاوپێخشاندنێکی کورت بە سەر یاسای بنەڕەتیی ئێران شوێنپەنجەی \"خۆسەپاندنی هزری\" لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ڕوون دەبێتەوە. ئەسڵی ٤ی یاسای ئاماژەپێکراو دەڵێت: یاسا و ڕێسای مەدەنیی، سزا، ماڵی، ئابووری، ئیداری، فەرهەنگی، نیزامیی، سیاسی و ..... دەبێ لەگەڵ فەرمانەکانی یاسای ئیسلامیی بگونجێت\".

ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: هەم هێزی یاسادانان، هەم هێزی بەڕێوبەریی و هەم هێزی قەزایی، لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەردان و هەر کات ئیرادە بکات، دەتوانێ دەستکاری بکات و سەلیقەی کەسیی خۆی تێدا بەکار ببات. ئیسلامیش تەنیا و تەنیا لە بوونی ڕێبەر مانا کراوەتەوە و هەر وڵاتێکی دیکەش لە ژێر دەسەڵاتی وەها یاسایەک ئیدارە ببێت، لە کۆتاییدا دەگاتە بنبەستی سیاسی، وەکوو چۆن ئەمڕۆ لە ئێراندا ئەم کارە پێش هاتووە.

عیبادی لەم نووسراوەیەدا دەڵێت: لەوەش دڵتەزێنتر ئەوەیە سەرجەم بنەماکانی یاسای بنەڕەتی لە هەر هەلومەرجێکدا تەنانەت دژواریشدا کە دەکرێت پێداچوونەوە بکرێن، بەڵام بنەمای سەرجەم ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە بەپێی ئیسلام و ولایەتی ڕێبەری دامەزراوە، ناتوانرێت پێداچوونەوە بکرێن و لە یاسای بنەڕەتیشدا هاتووە کە ئەو بنەمایە هەتاهەتایییە.

شیرین عیبادی، لە کۆتایی گوتارەکەیدا ڕایگەیاندووە: گویا نووسەرانی ئەم یاسایە لەو باوەڕەدا بوون، کە \"باری نالەبار بە شوێنی خۆی دەگات\".

وەرگری خەڵاتی ئاشتیی نوبێل، پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"پایگاە اینترنتی بلومبرگـ\"ـدا ڕایگەیاندووە: خەڵکی ئێران بە دوای \"گۆڕینی نیزامی سیاسی\" و \"یاسای بنەڕەتی\" ئەو وڵاتە و دانانی یاسایەکی بنەڕەتیی \"سێکۆلار\"، \"بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە\"وەن.