شیرکەتی نەسری کوردستان ٤٠ کەس لە کرێکارانی خۆی لەسەر کار دەرکرد

19:33 - 21 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: شیرکەتی نەسری کوردستان ٤٠ کەس لە کرێکارانی خۆی دەرکردووە و هەڕەشەی دەرکردن لە کرێکارانی دیکەی خۆی کردووە.

ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار بەرپرسانی شیرکەتی \"جیهاد نەسر\"ی کوردستان ٤٠ کەس لە کرێکارانی ئەو شیرکەتەیان بە بیانووی نەبوونی بۆدجە لەسەر کار دەرکردووە.

ئەو شیرکەتە سەربە سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە و بە کرێکاران رایانگەیاندووە کەلە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕینیان لەسەر کار دەردەکرێن.

\"10673.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە ئەو کرێکارانە رایانگەیاندووە کە ئەگەر بەرپرسانی ئەو شیرکەتە گوێ لە داواکانیان نەگرن هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەبەر دەرکەی ئەو شیرکەتە لە شاری سنە کۆ دەبنەوە و دەست ئەدەنە ناڕەزایەتی دەربڕین.

شیرکەتی \"جیهادی نەسر\"ی کوردستان سەر بە سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە و لە چەندین پڕۆژەی وەک: پاڵاوگەخانەی ئاوی سەقز، بەنداوی زێویە، جادەسازی سنە بۆ مەریوان، کامیاران و پڕۆژەی خانووسازیی \"مێهر\" لە پارێزگای کوردستان سەرقاڵی چالاکییە.

لەسەرەتای ئەمساڵیشدا کرێکارانی ئەو شیرکەتە لە جادەی بانە – سەقز لەهەمبەر \"بەڵێنیی ناڕاستی بەرپرسان، دەستپێکی کار لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی هەتا ٧ی ئێوارێ، خواردنی ماوە بەسەر چوو، دەر کردنی کرێکاران و مووچەی کەم\" دەستیان دابووە ناڕەزایەتی دەربڕین.