شیرکەتی موخابەراتی ئێران بە ناردنی کورتەنامە، یارمەتی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان کۆدەکاتەوە

16:49 - 12 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: شیرکەتی موخابەراتی ئێران لە رێگەی ناردنی کورتەنامەوە بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان، داوای کردووە کە ئەگەر کورتەنامەیەک بۆ موخابەرات بنێرن، شیرکەتی موخابەرات وتەکانی حەسەن نەسروڵلایان بۆ دەنێرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە شارە جیاجیاکانەوە، شیرکەتی موخابەرات بە مەبەستی \"وەرگرتنی ئەندام لە کانوونی موقاومەتی ئیسلامی\"دا و \"هاوکاری لەگەڵ دەفتەری حیزبوڵڵای لوبنان\" کورتەنامە بۆ ژمارەی مۆبایلی هاووڵاتییان بەڕێ دەکات.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە داهاتی کورتەنامەکان بۆ یارمەتی گەیاندن بە حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان کۆ دەکرێنەوە.

\"21877.jpg\"
ئەو کورتەنامەیە پێشنیاری ئەوە بە هاووڵاتییان دەکات، کە بۆ وەرگرتنی بیرەوەری و هەڵوێستەکانی حەسەن نەسروڵڵا، کورتەنامەیەکی بەتاڵ بۆ شیرکەتی موخابەرات بنێرنەوە.

شیرکەتی موخابەرات هەتا ئێستا لە زۆربەی شارەکانی وڵاتی ئێران، ئەو کورتەنامەیەی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان بەڕێ کردووە.

دوابەدوای گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکوومەتی ئیسلامی، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو بوونەوەو ئەم کردەوەیەی شیرکەتی موخابەرات نیشانەی پشتیوانیی راستەوخۆی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حیزبوڵڵای لوبنانە.

لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەردەوام پشتیوانیی خۆی لە حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕیوەو لە میانەی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی وڵاتی سووریادا، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاوشانی حیزبوڵڵای لوبنان یارمەتیی حکوومەتی بەشار ئەسەدیان کردووە.