شۆڕش عەبدوڵڵانژاد و نەجمەدین سوخەنوەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران

10:59 - 25 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شۆڕش (عومەر) عەبدوڵڵانژاد" تەمەن ٣٩ ساڵ کوڕی ئەبووبەکر و "نەجمەدین سوخەنوەر" تەمەن ٣٧ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی "گەرگوولی خوارێ" سەر بە شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ حوکمی زیندانیکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە پیرانشارییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

وێنە: نەجمەدین سوخەنوەر و شۆڕش عەبدوڵڵانژاد