شۆفیڕ پاسەکانی سەندیکای ئۆتۆبووسڕانیی سنە مانیان گرت

20:47 - 21 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: شۆفیڕ پاسەکانی نێو شاری سنە بە هۆی کەمیی داهات و گران بوونی گازوئیل و تێکچوونی دۆخی ژیان و گوزەرانیان، بە نیشانە ناڕەزایەتی دەربڕین دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی پووشپەڕ، شۆفیڕ پاسەکانی نێوشاری سنە لە گەڕەگی فەیزاوا بەرانبەر بە گۆڕستانی تایلە و لە گاراژی پاسەکانی نێو شار دەستیان دایە مانگرتن.

ئەو مانگرتنە دوو ڕۆژەیە بە هۆی کەمبوونی پشک و گرانبوونی گازوئیل لە ١٠٠ تەمەنەوە بۆ ٣٠٠تەمەن بووە.

دەوترێ، هێزە ئەمنیەتییەکان هێندێک لە ژمارەی پاسەکانیان لێکردووەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و شۆفیڕەکانیش ڕایاندگەیاندووە هەتا چارەنووسیان ڕوون نەبێتەوە، دەست لە داوکارییەکانیان هەڵ ناگرن و درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.