شۆفیر تاکسییەکانی شاری شنۆ لەبەر دەم شارەوانی مانیان گرت

14:14 - 5 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: شۆفیر تاکسییەکانی شاری شنۆ لەمەڕ کەمتەرخەمیی شارەوانیی ئەو شارە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەمە شۆفیر تاکسییەکانی شاری شنۆ بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە زیادبوونی ماڵیات (عوارض)، کەمیی کرێ تاکسی و گرانبوونی گازی CNG لەبەر دەم شارەوانیی ئەو شارە مانیان گرت.

یەکێک لە شۆفیر تاکسییەکان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ وێستگەی گازی \"سی.ئێن جی\"، جگە لەوەی کە ماوە بە ماوە لە کار دەکەوێت، رۆژ لە دوای رۆژ نرخی گازیش زیاد دەکات.

هەنووکە نرخی هەر میتری سێ‌جا گازی سی.ئێن.جی، لە ٣١٠ تمەن زیاترەو بە وتەی شۆفیر تاکسییەکان، پێدەچێت ئەو نرخە لە ٣٤٥ هەتا ٣٥٠ تمەن روو لە زیادبوون بکات.

ئەو شۆفیر تاکسییە گوتیشی؛ بەرپرسانی شارەوانی بەڵێنیی جێبەجی کردنی داواکاریی شۆفیر تاکسییەکان دا و کۆبوونەوەی نارەزایەتیی شۆفیران کۆتایی پێهات، بەڵام شۆفیر تاکسییەکان لەمەڕ جێبەجێ بوونی داواکارییاکانیان بەو ئیدارەیە خۆشبین نین.

شۆفیر تاکسیەکان بە لێپرسراوانی شارەوانیی شاری شنۆیان راگەیاندووە، لە ئەگەری جێبەجی نەبوونی داواکارییەکانیان، سەرلەنوێ لەبەر دەم شارەوانی مانگرتن و ناڕەزایەتی پێک دینن.