شوێنە گشتییەكانی شاری سنە كراون بەمەیدانی تیرهاوێژی+وێنە

13:48 - 23 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: بوونی مەیدانی تیرهاوێژیی پادگانە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شوێنە گشتییەكان و دەورووبەری شاری سنە مەترسیی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست كردووە و خەڵكی لەو كارە نیگەرانن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەشكری ٢٨ی پیادەی كوردستان لە سنە ماوەیەكە چەندین مەیدانی تیرهاوێژی بە مەبەستی راهێنان و مەشقی نیزامی لە نزیك شوێنە گەشتیارییەكان دروست كردووە و دەنگی تەقە و هەرا و هوریای سەربازەكان خەڵكی نیگەران کردووە و ناڕەزایەتیی لێكەوتۆتەوە.

هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لەزاری هاووڵاتیانەوە رایگەیاند، شوێنەكانی وەكوو ئاویەر و (خەیرە زنە\"خدری زیندوو\") بوونەتە مەیدانی تیرهاوێژیی لەشكری ٢٨ی كوردستان و هیچ ئەمنیەتیەكی گیانیش بۆ ئەو مەبەستە لەبەر چاو نەگیراوە.

ئەو هاووڵاتیانە باسیان لەوەش كردووە، سەرەڕای دەنگی تەقە، زۆر جار پاشماوە و ئاشغاڵی پادگانەكەش بەشێوەی ناتەندروست لە نزیك ئەو شوێنە گەشتیاریانە لەناو دەبردرێن.

لەحاڵی حازردا بە هۆی بەرین بوونەوەی شار ئەو شوێنە تیرهاوێژیانە كەوتوونەتە شوێنی نیشتەجێ‌بوونی هاووڵاتیانی شاری سنە و ئەوەش مەترسی بۆ دروست كردوون.

چەند مانگ لەمەوبەریش سپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە نزیك ئاوایی \"گردكاشان\"‌ی شاری شنۆ روبەرێكی بەرفراوان لەلەوەڕگەی ئەو گوندەیان كردبوویە مەیدانی تیرهاوێژی.

ئەو كارەی سپای پاسداران بێ‌پرس كردن بە هاووڵاتیان و دانیشتوانی خەڵكی ئەو گوندە ئەنجام درابوو.
\"23601.jpg\"