شوێنی راگیرانی دوو چالاکی مەزهەبیی کورد، پاش سێ مانگ دەستبەسەری ناڕوونە

19:20 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، پاش سێ مانگ دەستبەسەرکران، هەتا ئێستا هۆکار و شوێنی دەستەبسەرکرانیان روون نەبۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، شۆڕش ئاوێنە بۆکانی، تەمەن ٣٣ ساڵ (کوری عوسمان) و سالار سەعیدی تەمەن ٢١ ساڵ و (کوڕی رەزا)، کە٩٠ رۆژ پێش ئێستا لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماونەتەوە.

ئەو دووچالاکە کوردە، کە رێکەوتی ١٣ی رەزبەر لە ماڵی خۆیاندا لە مەهاباد دەستبەسەر کران دەستبەجێ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرابوونەوەو لە ئیستادا شوێنی راگیرانیان ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهاباد بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو دوو چالاکە لە رۆژانی رابردوودا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان لەگەڵ ماڵەوە گرتووە، ٣ خولەک قسەیان لەگەڵ بنەمالەکانیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە بە چاو بەستراوی گوازراونەتەوە، نەیانزانیوە لە چ زیندانێکدا راگیراون.

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی، شۆرش و سالار، پێدەچێت ۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران گوازرابێتنەوە.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە کوردە چەندین جار بۆ چاوپێکەوتن و ئاگاداربوون لە رەوشی کوڕەکانیان، پەیونەدییان بە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەهاباد و ورمێ کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.