شوێنی دانانی پەیکەری مامۆستا قانع لە شاری مەریواندا ڕووخێندرا

15:43 - 31 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: شارەداری شاری مەریوان، شوێنی دانانی پەیکەری \"مامۆستا قانعـ\"ی ڕووخاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوێنی دانانی پەیکەری \"مامۆستا قانع\"، شاعێری چەوساوەکانی کوردستان، لە لایەن شارەداری شاری مەریوانەوە ڕووخێندرا.

شوێنی ڕووخێندراو لە لایەن شارەدارییەوە، بە شێوەی فەرمی بە ناوی \"مامۆستا قانع\" دیاری کرابوو و بڕیار درابوو کە پەیکەری مامۆستا قانع لەو شوێنە و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ، ڕوونوێنی بکرێت.

دەوترێت کە شارەداری مەریوان پێشی بە دانانی پەیکەری مامۆستا قانع لەو شوێنە گرتبوو.

ئەم هەوڵەی شارەداری شاری مەریوان، لەگەڵ ناڕەزایەتیی چالاکانی فەرهەنگیی ئەم شارە بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەوان ڕایانگەیاندووە: \"تێکدانی گۆڕەپانی مامۆستا قانع، قابیلی قەبووڵ نییە و پێویستی بە ڕۆشنگەریی بیروڕای گشتی هەیە\".

مامۆستا قانع، لە گوندێکی شاری مەریوان لەدایکبووە و لە نێوان ساڵانی ١٨٩٨ هەتا ١٩٦٥ی زایینی ژیاوە و یەکێک لە شاعیرە ناسراوەکانی کورد بووە و بە \"شاعیری چەوساوەکانی کوردستان\" بەناوبانگە.