شوناسی یەكێكی دیكە لە دەستبەسەر كراوەكانی شاری مەهاباد ئاشكرا بوو

14:16 - 10 بەفرانبار 2711
كوردپا: بە ئاشكرا بوونی ناوی یەكێكی تر لە دەستبەسەر كراوەكانی بە كۆمەڵی شاری مەهاباد، ژمارەی ئاشكرا بوونی شوناسی دەستبەسەر كراوەكان گەیشتە 16 هاووڵاتیی.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەهاباد، ناسر بێهجەتی یەكێكی دیكە لەو هاووڵاتییە دەستبەسەر كراونەیە كە ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ ژمارەیەك هاووڵاتیی شاری مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە قوڵبەست كران.

ناوی ئەو 15 كەسە دەستبەسەر كراوەی دیكە بریتین لە، عوسمان مەولانژاد، عوسمان قادر نژاد، ناسر تەریقی، چیا مەولانژاد، عەبدولڕەحمان قادر زادە (زانیار)، محەمەد ئەمین قادر زادە، سمكۆ عوسمانی، موراد حەسەن زادە، هیوا بەیرەمی، ئیسماعیل هونەر پوور، عەلی مەولانژاد، خوسرەو زرێ‌، ئەحمەد، قاسم و واحید.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا رایگەیاند، عەبدولڕەحمان قادر زادە، سمكۆ عوسمانی، موراد حەسەن زادە و ناسر بێهجەتی دوای راگرتنیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دا رەوانەی زیندانی گشتیی كراون.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاو لە دەستبەسەر كردن لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری مەهابادەوە دەستی پێكردووە و ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی دەستبەسەر كراوەكان٤٠ كەس بێت.