شوناسی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان ڕوون بووەوە

10:28 - 5 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: شوناسی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سونقوور و کولیایی سەر بە کرماشان و دانیشتووی شاری قەزوێن کە بە تەقەی مەئموورانی حکوومەت لە کەرەج کوژرابوو، ڕوون بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی ناڕازی لە ناڕەزایەتییەکانی حەوتووی ڕابردوو لە کەرەجدا،  بە تەقەی مەئموورانی حکوومەت کوژرا.

شوناسی ئەو لاوە کوردە، "محەممەد حەیدەریان" کوڕی "ئیبراهیم"، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی "سونقوور و کولیایی" ڕاگەیەندراوە.

ئەو لاوە لەلایەن مەئموورانی حکوومەتەوە لە ناڕەزایەتییەکانی کەرەجدا کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ئاگاداربوونی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە لە کوژرانی کوڕەکەیان، مەئموورانی حکوومەت بۆ دانەوەی تەرمی "محەممەد"، داوای بڕی ٤٠ ملیۆن تەمەنیان کردووە.

بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیەیان نییە و هەتا ئێستا تەرمی ئەو لاوە کوردە، ڕادەستیان نەکراوەتەوە.

پاش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە ئێران و کوردستاندا، هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و دروست لە ڕیژەی دەسبەسەر، کوژراو و برینداران لەبەر دەستدا نییە.