شوناسی ٢٤ کەس لە هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراوی گەڕەکی ئیسلامئاوای شاری ورمێ ئاشکرا کرا

19:52 - 11 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دەسبەسەر کردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد، لە گەڕەکی ئیسلامئاوای شاری ورمێ، شەپۆلێکی ترس و دڵڕاوکێی لە نێو دانیشتووانی ئەو گەڕەکەدا دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ڕووداوی قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی گەڕەکی ئیسلامئاوای شاری ورمێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە، پاش دەسبەسەر کردنیان بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازراونەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ، شوناسی ٢٤ کەس لەو هاووڵاتییانە بەم شێوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندووە:

ئەمیر تالب مەرەند، زیندانی سیاسی پێشوو، نادر نەوجەوان جەوهەنی، شەفیق نەوجەوان جەوهەنی، عوسمان و ئەسفەندیار خزری، دوو برای حوسێن خزری (زیندانی سیاسی ئێعدام کراوی کورد)، بێهروز خزری، پەرویز خزری، ناسر وەکێڵی، فەرهاد شوجاعی، عێرفان مەداحی، وەلی حاکمی، محەممەد خەلیل سەیدی، وەحید دانشیار، ئەمیر فەرجامی، بێهزاد جاویدی، ئەفشار تەیموورزادە، وەهاب عەزیزی، مێهدی ئەتمانی، مێهرداد مەحموودی کوڕی ڕەسووڵ، ئیرج حامیدی کوڕی مووسا، ناسر ڕەشیدی کوڕی حەسەن، موحسێن شێرزاد کوڕی محەممەد سەعید، ئەمین حەسەنپوور کوڕی لەزگین و کەیوان میرزایی کوڕی محەممەد.

لەو پەیوەندییەدا، سەید مێهدی قورەیشی، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە ورمێ لە گوتاری ڕۆژی هەینی ٥ی خەزەڵوەر، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کورد، لە هەمبەر ئازاری جنسی کچێکی تەمەن دوازدە ساڵە، لە لایەن خزمەتگوزاری قوتابخانەی \"راه شهدا\" بە نالەبار لە قەڵەم دا.

نوێنەری وەلی فەقیهـ جەختی کردووەتەوە: \"ئەگەر دەستدرێژی بە نامووسی تورک، کورد، شێعه و سونی کرا، نابێ خەڵک بێنە سەر شەقام و ماشین و قوتابخانە ئاگر بدەن و کەسانێک کە ئەو ئاڵۆزییەیان هەڵگرساندووە مەحکوومن\".

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، پاش ئازاردانی کچێکی کەم تەمەن لە لایەن دەرگاوانێکی تورکەوە، هاووڵاتییانی شارۆچکەی ئیسلامئاوا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی کچانەی \"راە شهدا\" و ئاگریان تێبەردا.

ئەو هاووڵاتییانە هەروەها، یەکێک لە کانسکەکانی مزگەوتیان ئاگر تێبەردا بوو. ئەمەش بووەتە هۆی دەسبەسەر کردنی زۆرێک لە هاووڵاتییان.

ڕاگەیەندەکانی حکوومەتیی، هاووڵاتییانی ناڕازی لەو ڕووداوەی بە \"ئاژاوەگێر\" ناوبرد کە لە ژێر هەژمونی هەوڵی درۆینەی هێندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێڕای خەسار گەیاندن بە کەرەستە گشتییەکان، قوتابخانەکەیان ئاگر داوە و بەشێکی ئەو قوتابخانەیانە ڕووخاندووە.