شوناسی ٥ کەس لە دەسبەسەرکراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان ڕوون بووەوە

11:16 - 16 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: شوناسی ٥ کەس لە دەسبەسەرکراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری سەقز، ڕوون بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٥ هاووڵاتیی بە ناوەکانی "سامان عەبدوڵلازادە، سیروان ڕەحیمی، مالک حەقیقی، سالار ساڵح‌نیا و ئەمین ئەمجەدی" خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا و لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەردا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە، هەنووکە لە زیندانی شاری سەقزدان و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

لە لایەکی دیکەوە، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی "ئیحسان ئەحمەدی"، "سامان وەیسی" و "قارەمان" کوڕی سەعید خەڵکی شاری جوانرۆ، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کران کە هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.