شوناسی پێنج کەس لە کوژراوەکانی ڕووداوی مێترۆپۆلی ئابادان کە کوردن، بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە

11:44 - 7 جۆزەردان 2722

پاش داڕووخانی بینای مێترۆپۆلی شاری ئابادان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٨ هاووڵاتی، لەو ٢٨ کەسە پێنج کەسیان خەڵکی شارەکانی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان و شاری ئاسمان‌ئاوای پارێزگای ئیلامن.

شوناسی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە کە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە بریتین لە: "فەوزی جەلیلیان"، حەمید ڕەزا جەلیلیان"،"ئارین جەلیلیان" و "عیرفان جەلیلیان" خەڵکی شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەوزی جەلیلیان باوکی "ئارین و عیرفان جەلیلیان و مامی حەمیدڕەزا جەلیلیانە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "کەیوومەرس عەلی‌مەدەد" خەڵکی شاری ئاسمان‌ئاوای شاری ئیلام، لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەست داوە.

بەشێک لە بینایەکی چەند نهۆی بە ناوی "مێتروپۆل" لە ناوەندی شاری ئابادان سەر بە پارێزگای ئەلئەحواز، ڕۆژی دووی جۆزەردان ڕووخا و بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی ٢٨ هاووڵاتی و هەروەها برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی دیکە.