شوناسی لاوێکی دیکەی دەستبەسەرکراوی سنەیی بەشدار لە خۆپیشاندانی کۆبانیدا روون بوویەوە

15:46 - 29 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای خۆپیشاندانی خەڵکی شاری سنە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، دەیان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار راگوێزران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی شاری سنە، کە لە خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵکی شاری سنەدا بۆ پشتیوانی لەخەڵکی کۆبانی بەشدرایی کردبوو، روون بوویەوە.

خەڵکی شاری سنە و بەتایبەت لاوانی ئەو شارە، پشتیوانیی خۆیان لەخەڵکی کۆبانی لە هەمبەر هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامیدا، دەربڕیبوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، شوناسی ئەو لاوە دەستبەسەرکراوەی رۆژی دووشەممەی رێکەوتی ٢١ی رەزبەری ئەمساڵی، دانیال وەحدانی راگەیاندووە.

\"22779.jpg\"
چارەنووسی دانیال وەحدانی، پاش تێپەربوونی حەفتەیەک لە دەستبەسەرکرانی ناڕوونە
ئەو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەیە، پاش سێ رۆژ لە خۆپیشاندانەکە دەستبەسەر کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە فەرماندار و ئوستانداری لەگەڵ ئەوەیکە مۆڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانەیان دەرکردبوو، بۆخۆشیان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو.

هەروەها رۆژی خۆپیشاندانەکەی شاری سنە، شەش لاوی دیکەی کوردی خەڵکی ئەو شارە بەناوەکانی هیوا کەریمی، شاهۆ عومری، خەبات ئەمیر، ئومید غولامی، مەهدی حوسێنی، هێمن محەمەدی و فوئاد باپیری دەستبەسەر کرابوون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە رۆژی خۆپیشاندانەکە و رۆژانی دواتر دەیان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون، کە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانیان لەبەردەستدا نییە.

هەروەها لە شاری (سەردەشت)یش سێ خوێندکاری کورد بەناوەکانی ژیان بەیگزادە، وریا قازی‌زادە و سیروان ساڵح‌زادە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە حکوومەتییەکانی دیکەمان لە شاری سنە کردووە و هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بە چارەنووسیان پێ رانەگەیەندراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ناوەندە مەدەنییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەبارەت بە فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد هۆشدارییان دابوو.

لەو بەیاننامەیەدا، کە لەلایەن ١٣ رێکخراو و ناوەندی وەک کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی واژۆ کراوە، هاتووە: پشتیوانیی بەکەڵکی تێکڕای ئینسانە ئازادیخواز و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد، رێگری لە دروستبوونی کارەسات و تراژیدیای دیکە دەکات.