شوناسی سێ کەس لە کوژراوانی شاری سونقور لە خۆپیشاندانەکاندا بۆ کوردپا ڕوون بووەوە

18:31 - 13 رەزبەر 2722

محەممەد زارعی، عەلیرەزا فەتحی و ڕووزبە خادمییان سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سونقور سەر بە کرماشانن کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە خۆپیشاندانەکانی قەرچەک، قەزوین و فەردیسی کەرەج گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی چالاکێکی مەدەنی لە شاری سونقور، محەممەد زارعی کاتژمێر ۹ی شەوی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانان لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەی "باقراوا"ی شاری قەرچەک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان بە توندی بریندار بووە و لە کاتی ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "شەهید ستاریـ"ـی قەرچەک گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "تەرمی محەممەد زارعی پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بە نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەی کراوە و لە گۆڕستانی "بی بی زۆبەیدە"ــی قەرچەک بەبێدەنگی و بێ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم بە خاک ئەسپێردرابوو. هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی زارعی کردووە کە لە وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکان لەمبارەیەوە خۆ ببوێرن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە عەلیڕەزا فەتحی تەمەن ۲۲ ساڵ، شەوی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە شارەکی سەنعەتیی ئەلوەند لە پارێزگای قەزوین بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست داوە. تەرمی ناوبراو پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بە نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و لە شاری ئەلوەند ئەسپەردەی خاک کراوە.

بە وتەی ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕووزبە خادمییان تەمەن ۳۲ ساڵ، شەوی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانان لە فەردیسی کەرەج بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان لە خۆپیشاندانەکان گیانی لەدەست داوە و تەرمی ناوبراو لە بەهەشتی سەکینەی کەرەج ئەسپەردەی خاک کرا.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد کە ڕووزبە خادمییان دووکانی مۆبایل فرۆشیی هەبووە و لە خۆپیشاندانەکاندا ٥ گولـلە بەر جەستەی کەوتووە.