شوناسی سێ کەس لە دەسبەسەرکراوەکانی شاری سەقز ئاشکرا کرا

14:54 - 17 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان ژمارەیەک خەڵکی ناڕازییان لە شاری سەقز، دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، هێزە حکوومەتییەکان لە شاری سەقز، لە مەیدانی \"هەڵۆ\"ی ئەو شارە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، شوناسی سێ کەس لەو دەسبەسەرکراوانەیان بە ناوەکانی \"فەزیلەت مستەفایی، جاوید دەباغی و پژمان سۆرە\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو، لە کاتی هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکان لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە بەڕەڕوو بوونەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سەقز، لە ڕاستای پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێراندا و ناڕەزایەتیی بە دۆخی هەنووکەیی، لە مەیدانی \"هەڵۆ\" کۆ بوونەوە، کە بە هاتنی هێزە حکوومەتییەکان توندوتیژی لێ کەوتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە شاری سەقز لە بەردەستدا نییە.

بە هۆی کەشوهەوا ئەمنییەتی و میلیتاریزە کردنی کوردستان و نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ ڕووماڵی هەواڵەکان، هەتا ئێستە ئامارێکی ورد و دروست لە دەسبەسەرکراوانی ناڕازی لە بەردەستدا نییە.